ئاسۆی دەلاك، کێ بوو؟


ئاسۆی دەلاك، کێ بوو؟
شەهید حەسیب عومەر سابیر ناسراو بە ئاسۆی دەلاك، شەهید ئاسۆی دەلاك ساڵی 1957 لەگەڕەكی دەرگەزێن-ی سلێمانی لەدایك بووە، بنەماڵەكەی لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی (گەبە)ی سنووری شارۆچكەی پیرەمەگروون-ن، بەڵام باوكی باوكی واتا باپیری بەگەنجی چۆتە شاری سلێمانی.
ئاسۆ كوڕە گەورەی دایك و باوكی بووە، ساڵی 1963 چۆتە قوتابخانەی خالیدیە لە سلێمانی و تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە.
دواتر دەستی كردووە بەپیشەی سەرتاشی و لەوەوە نازناوی دەلاك-ی وەرگرتووە.
ساڵی 1975 لەڕێگەی شەهید جەمالە رەشەوە پەیوەندیكردووە بە ڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە.
ساڵی 1976 خزمەتی سەربازی ناكات و دەبێت بە پۆلیس، ماوەیەك لە سلێمانی دەبێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ سەنگەسەر، لە كۆتایی ئەو ساڵەدا لەگەڵ چەند پۆلیسێكی ئەو مەخفەرەدا 11 تفەنگ دەبەن و دەچنە ناو هێزی پێشمەرگەوە و بۆ خۆيشیان دەبنە پێشمەرگە، لەوكاتەوە شەهید ئاسۆی دەلاك جگە لەئەركی پێشمەرگایەتی لەشاخ، وەك پێشمەرگەیەكی ناوشاریش چالاكی ئەنجام دەدات و چەندین جار یان بەتەنیا یاخود لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا چۆتە ناوشاری سلێمانی و چالاكی گرنگی ئەنجامداوە لەروی بەسزا گەیاندنی تاوانبارانەوە.
لەساڵی 1977دا لەكاتی رۆیشتنەوەی بۆ ئەنجامدانی چالاكییەك لەناو سلێمانی، دەستگیردەكرێت، بەڵام لەكاتەدا رژێم لێبوردنی گشتی بۆ پێشمەرگە دەركردبوو بۆیە ئاسۆ دەڵێت من بەهۆی لێبوردنەكەوە هاتومەتەوە و دادەنیشم، ئیتر بەوهۆیەوە دوای 40 شەو ئازاد دەكرێت، هەردوای ئەوە پۆلیسێك چەك دەكات و تفەنگەكەی دەباتەوە و دەڕواتەوە بۆشاخ،
ملازم محسین، ئەفسەرێكی درندە و بكوژی بەرەگەز عەرەبی فەڵەستینی بوو لە ئەمنی سلێمانی، دەسەڵاتێكی كراوەی پێدرابوو.
زۆر كەسی بێتاوانی شەهید كرد و تەرمەكەیانی بەدوای ئۆتۆمبێلدا رادەكێشا، لەسەردەمی ئەودا كراسی رەش و گۆرەوی سپی و تەنكە ریشی گەنجانە لەسلێمانی قەدەغەكرابوو، زۆری كوشت و زۆریشی شوێن بزركرد.
ئیتر دڕندەیی ئەو تاوانبارە، وای لەئاسۆی دەلاك كرد بڕیاری تەمبێكردنی بدات و زۆرجار لەشاخەوە بۆی هاتەوە بۆ ناوشار و چەندینجاریش رووبەرووی یەكتری بوونەتەوە، جگەلەوەش چەندجارێك ئاسۆ وەك جەنگی دەروونی لەچێشتخانە و چایخانەكاندا وەك تەحەدایەك پارەی خواردنەكەی بۆ ملازم محسین داوە.
سەعات 11ی رۆژێكی هەینیی ساڵی 1978، لە گەڕەكی بەرخانەقای سلێمانی، ئاسۆ لەگەڵ دوو هاوڕێیدا رووبەرووی هێزێكی زۆری قواتخاسە دەبێتەوە بەسەرپەرشتی ملازم محسین، لەشەڕێكی دەستەویەخەدا ملازم محسین بریندار دەكات.
رۆژی 6/9/1979 كاتێك دەیەوێت لەناو سلێمانی چالاكییەك ئەنجام بدات، بەڵام خیانی لێدەكرێت و بەدیلی دەكەوێتە دەست ملازم محسین.
لە زینداندا ملازم محسین خۆی ئەشكەنجەی دەدات و سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكە دەكات، ئەشكەنجەیەكی سەخت و دڕندانە دەدرێت، بەڵام ئاسۆ بەرگە دەگرێت و هیچ نادركێنێت بۆیە لەكاتی گیرانی ئەودا هیچ كەس لەرێكخستنەكان ئاشكرا نەبوون و نەگیران.
لەوكاتەوە تائێستا ئاسۆی دەلاك شوێن بزرە.
شایانی باسە برایەكی شەهید ئاسۆ كە پێشمەرگەبوو بەناوی (شاهۆ)، لەساڵی 1988 بەدیلی كەوتە دەست دوژمن و ئەویش تائێستا بێسەروشوێنە
باوكیشی نۆ مانگ لەخواروی عیراق زیندانی كراوە و تەواوی خێزانەكەشی ئازاردراون و دەربەدەر كراون.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق