ناساندنی ‏کتێبی ‏شازادە ‏بچکۆلە

ناساندنی کتێبی "شازادە بچکۆلە"

نوسەر: سانت ئێگزوپێری
وەرگێڕ: سەردار حەسەنخاڵی
پێداچەرەوە: کەیوان هەورامی
ژانر: ڕۆمان
پەخشانگە: ناوەندی ڕۆشنبیری ئەدیبان
چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ی میلادی
بە تیراژی ١٠٠٠ دانە، ١٢٦ لاپەڕە.
نرخ: ١٠٠٠/ هەزار دینار.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم کتێبە یەکێکە لە پڕفرۆشترین کتێبەکان، وەرگێڕدراوە بۆ سەر زۆر زمانی جیهان.
کتێبەکە بۆ منداڵان نوسراوە، بەڵام لە لایەنی کەسانی گەورەتریشەوە دەخوێنرێتەوە. لە کتێبەکەدا نوسەر خەیاڵێکی جوانی داڕشتووە، بە زمانێکی سادەو فەلسەفیانە نوسراوە، پەیامێکی جوانی تێدایە، لە منداڵانەوە بۆ گەورەکان....
باشە گەورەکان کێن؟ هەر ئەوانە نەبوون کە ڕۆژانێک منداڵ بوون؟
کاتێک شازادەکە دەچێتە لای کەسانێک یان با بڵێین "گەورەکان" لەگەڵیان گفتوگۆ دەکات و پرسیاری سادەیان لێدەکات و لە هۆکاری کارەکانیان دەپرسێت، بەڵام تا ڕادەیەک خۆیان دەدزنەوە وەک ئەوەی نەزانن بۆچی کاری لەم شێوەیە دەکەن؟ بەڵام گەورەکان وەڵامی تەواوی نادەنەوە، وە گوێ لە پێشنیارانەش ناگرن کە شازادەکە پێیان دەدا، بۆ؟ چونکە لەبەر ئەوەی ئەوان'گەورەن! ئەوان باشتر دەزانن.
- کاتێک ئەو پرسیارانەی کە منداڵەکان دەیانکەن ئێمە وەڵاممان بۆیان نەبێ، ئەوا وا باشترە دەست لە کارەکە هەڵگرین! تا وەڵامیان دەدەینەوە -
- پرسیاری منداڵانیش تەواو نابێ،😄 -
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئێستاش فەرموون لەگەڵ هەندێ دێڕەکانی ناو ئەم کتێبە:-

* کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە ژێر کاریگەری مەتەڵێک، زاتی سەرپێچیکردنی نامێنیت.

* مرۆڤ گەر ڕێگای خۆی بگرێتە بەر و بڕوات، ناتوانێ زۆر دووربکەوێتەوە.

* گەورەکان حەزیان لە ژمارەیە.
کاتێک باسی هاوڕێیەکی نوێیان بۆ دەکەیت، هەرگیز بە تۆ ناڵێن کە بۆ نموونە نەوای دەنگی چۆنە؟ زیاتر حەز بە کام یارییانە دەکات؟ ئاخۆ پەپوولە کۆدەکاتەوە؟ ( لێرەدا مەبەستی نوسەر ئەوەیە کە لە خوو و ڕەوشتی کەسەکە ناپرسن و بەلایانەوە گرنگ نییە.) بەڵکو لێت دەپرسن: تەمەنی چەند ساڵە؟ چەند برای هەیە؟ کێشی چەند کیلۆیە؟ باوکی چەند داهاتی هەیە؟ وەجا تەنیا لەوکاتەدا پێیان وایە کە ئەو مرۆڤە دەناسن.

ئەگەر ئێوە بە گەورەکان بڵێن: "من خانوویەکی جوانم بینی، سەربانەکەی پڕ لە کۆتر....." ناتوانن ئەو خانووە لە هزری خۆیاندا وێنا بکەن. دەبێ پێیان بڵێن:" خانوویەکم بینی بایی سەد هەزار فرانک بوو!" لەو حاڵەتەدا دەنگ هەڵدەبڕن و دەڵێن: وەی کە جوانە ئەم خانووە!

* مرۆڤ بەیانیان کاتێک لە کاری خۆڕازاندنەوە دەبێتەوە، دەبێ بەوپەڕی وردبینییەوە خەریکی پاکژکردنەوەی هەسارەکەی خۆی بێت.

* مرۆڤ کاتێک زۆر دڵی گیرابێت، حەز بە دیمەنی خۆرئاوا بوون دەکات.

* دەبێ کار بە کەسێک بسپێریت، کە توانای جێبەجێ کردنی هەبێت، هێز و دەسەڵات دەبێ بەر لە هەموو شت پشت بە ئاوەز ببەستێت. گەر تۆ فەرمان بە گەلەکەی خۆت بدەیت هەموویان خۆ بە ئاوی دەریادا بدەن، شۆڕش دەکەن.

* دادگایی کردنی خود دژوارترە لە دادگایی کردنی خەڵک، ئەگەر تۆ توانیت لە بارەی خۆتەوە بە باشی حوکم بکەیت، دادوەری ڕاستەقینەیت.

* خۆپەرستەکان جگە لە پیاهەڵدانی خۆیان هیچ شتێکی تر نابیستن

* - جوگرافیناس چییە؟
- جوگرافیناس زانایەکە کە دەزانێت دەریاکان، ڕووبارەکان، شارەکان، کێوەکان و بیابانەکان لە کوێ هەڵکەوتوون.

* ئێوە جوانن، بەڵام ناختان بەتاڵە، مردن لە پێناوی ئێوەدا بێ مانایە.

* تەنیا بە چاوی دڵ دەتوانی باش ببینیت.
جەوهەری شتەکان نادیارە.

* چەندە باشە کە مرۆڤ تەنانەت لە سەرەمەرگیشدا بیری نەچێت کە هاوڕێیەکی هەبووە.

* دەبێ بە باشی ئاگاداری چراکان ببین. شنەبایەک دەتوانێ بیان کوژێنێتەوە.

* مرۆڤەکانی هەسارەی تۆ پێنج هەزار گوڵی سوور لە یەک باخچەدا دەڕوێنن و...... ئەو گوڵەی خۆیان دەیانەوێت
لەوێدا نایدۆزنەوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
- منداڵەکانتان ئیهمال مەکەن -

ئامادەکردنی: محەمەد قوباد.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق